سنە؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی حەبیب فەرەجوڵڵاهی
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی حەبیب فەرەجوڵڵاهی، ٣٦ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی ٣٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی حەبیب فەرەجوڵڵاهێ، هاووڵاتیی خەڵکی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە زانیارییەک لە چارەنووس و دۆخی تەندروستی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی حەبیب فەرەجوڵڵاهی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەکان ئامادە نەبوون لەم بارەوە هیچ زانیارییەک بدەن.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.