سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی فەردین شێخولئیسلامی
هەنگاو؛ هەینی ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
فەردین (ئاکۆ) شێخولئیسلامی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە کاتی دەستبەسەرکرانی، تا ئێستاش چارەنووسی نادیار ماوەتەوە و لە دەستبەسەرگەدا ڕاگیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەردین شێخولئیسلامی، چالاکی مەدەنی، ٣٧ ڕۆژی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە. ناوبراو لەو ماوەدا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەشی بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی بێئاکام ماوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەردین شێخولئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
شایانی باسە کە فەردین شێخولئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لەگەڵ هاوژینەکەی، فەریبا مورادیان لە سنە دەستبەسەر کرابوون کە هاوژینەکەی دوای دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.
ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ساڵی ٢٧١٨دا بەهۆی چالاکییەکانییەوە بۆ ماوەیەک لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.