دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی میلاد ڕەشیدی هاووڵاتیی خەڵکی سەقز
هەنگاو؛ هەینی ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
میلاد ڕەشیدی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز ماوەی ١١ ڕۆژە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە. ناوبراو بە هۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران دەستبەسەر کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی میلاد ڕەشیدی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی سەقز، زنیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم بارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەی هەنگاو، میلاد ڕەشیدی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە کاتی چوون بۆ شوێنی کارەکەی و لە یەکێک لە شەقامەکانی سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کە هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی میلاد ڕەشیدی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە و هەروەها دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراو گرتووە.
هەنگاو زانیویەتی کە، میلاد ڕەشیدی بە هۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەی لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران دەستبەسەر کراوە.