سنە؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی هێمن محەممەدی
هەنگاو؛ شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
هێمن محەممەدی، شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، هێمن محەممەدی، شاخەوانی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی چارەنووسی نادیارە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێمن محەممەدی، لەبەر دەرکەی ماڵەکەیان لە شارۆچکەی سەعدیی سنە و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.