گواستنەوەی پەرهام پەروەری لە بەندیخانەی ئێرانشار بۆ بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان

١٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ٠١:٠٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

پەرهام پەروەری لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی"ژن ژیان ئازادی" کە سزای دە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی خۆی تێپەڕ دەکات، دوای لێدان و ئازاردانی لە بەندیخانەی ئێرانشار لە لایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی سزا ئاساییەکان و لێڵیی چاوی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان گواسترایەوە. هۆکاری ئەو گواستنەوە بە نەبوونی دکتۆری پسپۆڕ لە ئێرانشار ناو بردراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، پەرهام پەروەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سەقز و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دوای ئەوەی لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا لە بەندیخانەی ئێرانشار لە لایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی دیکەوە لێیدرابوو، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان گواستراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، دوای لێدان و ئازاردانی پەرهام پەروەری لە لایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکان و دواتر گواستنەوەی بۆ ژووری تاکەکەسی و چارەسەرنەکردنی ناوبراو بەشێوەیەکی ناپسپۆڕانە، ئاستی بینایی پەرهام بە سەختی تووشی لێڵی هاتووە.

بەرپرسانی بەندیخانەی ئێرانشار تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی و ڕوونیان بە بنەماڵەی پەرهام پەروەری نەداوە و هۆکاری ئەو گواستنەوەیان بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە زاهیدان ناو بردووە.

لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا پەرهام پەروەری، بەندکراوی سیاسی کە سزای ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی لە بەندیخانەی ئێرانشار تێپەڕ دەکرد، لە لایەن ژمارەیەک لە بەندکراوانی ئەو بەندیخانەوە، لێی درابوو کە بەو هۆیەوە بۆ نەخۆشخانە و دواتر لە لایەن فەرمانگەی بەندیخانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە.

بەوتەی خاتوو سروە سووزەنی دایکی پەرهام، ژمارەیەک لەو بەندکراوانەی پەرهامیان دابووە بەر لێدان بە فڕێدانی ساردوگەرمی چایی بۆ ئەو بەندکراوە، هاوکات بوونە هۆی شکاندنی ئێسکی سەرووی چاوی، دڕانی پێستی و سووتانی سەختی بەشێک لە جەستەی.

هەنگاو پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی پەرهام پەروەری لە بەندیخانەی ئێرانشار ڕایگەیاندبوو کە پەرهام لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و هەر ئەوە نیگەرانیی ئەو بنەماڵەیەی لەسەر بارودۆخی تەندروستیی پەرهام لێکەوتۆتەوە.

شایانی باسە کە، پەرهام پەروەری لە بەندیخانەی ئێرانشار، بێ ڕەچاوکردنی ماددەی جیاکردنەوەی بەندکراوان لە نێوان بەندکراوانی سزا ئاساییەکان و تاوانبارە مەترسیدارەکاندا لە بەنددا بوو.

پەرهام پەروەری، لاوی وەرزشوانی خەڵکی سەقز لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە تاران و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای دەرکردنی سزاکەی لە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٤) بەشێوەی نهێنی بۆ بەندیخانەی ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان دوور خرابۆوە.

مانگی جۆزەردانی ٢٧٢٣ ئەندازیار پەرهام پەروەری، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد" بە تۆمەتی "موحاربە" سزای دە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی جاسک لە پارێزگای هۆرمۆزگانی بەسەردا سەپێندرا و سەبارەت بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایە بەشێوەی فەرمی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی جۆزەردان، بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا. دانیشتنی دادگای ئەو هاووڵاتییە لەحاڵێکدا لە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ بەڕێوە چوو کە دوو نەوبەت دانیشتنی دادگاییکردن بە تۆمەتەکانی ناوبراو دوا خرابوو.

ئەو سزایە دوای ناڕەزایەتیی مازیار تاتایی، پارێزەری ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵات گەڕێندراوە و مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ پشتڕاست کرایەوە.

پەرهام پەروەری کە لە ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەگەڵ تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن خانەی دادی ئێڤینەوە ڕووبەڕوو ببووەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەگەڵ ٢٠ بەندکراوی سیاسیی دیکە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

ئەو لاوەی خەڵکی سەقز ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لەحاڵێکدا کە لە شوێنی کارەکەی دەگەڕایەوە ماڵەوە لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری تاران، بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەسەختی ئەشکەنجە درابوو. هەروەها لە ماوەی لێپرسینەوەیدا لە بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندیخانەی ئێڤین بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و هەڕەشە داندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە