مەریوان؛ دەستبەسەرکرانی عادڵ پیرۆزی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
عادل پیرۆزی، بەندکراوی سیاسی پێشوو خەڵکی شاری مەریوان کە لەودواییانەدا یەک ساڵ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٩ی نۆڤەمبەر ٢٠٢٤)، عادڵ پیرۆزی، ٢٩ساڵە و خەڵکی گوندی سەردوش سەر بە شاری مەریوان، دوای بانگران و ڕۆیشتن بۆ جێبەجێکرانی سزاکانی مەریوان، دەستبەسەر کراو بە مەبەستی بەسەربردنی سزای یەک ساڵەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان گواسترایەوە.
عادل پیرۆزی مانگێک لەمەوبەر لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی ئێران" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
هەنگاو ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی عادڵ پیرۆزی، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی، پەیوەندیکردن، و مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات لە مەریوان دەستبەسەر کراو ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە ئازاد کرا.
عادڵ پیرۆزی، پاییزی ساڵی ٢٧١٧ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دیموکرات، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوان سزای ٢ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
ئەو هاووڵاتییە، پاییزی ساڵی ٢٧١٨ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و دوای گوزەراندنی ٦ مانگ لە سزای دوو ساڵەکەی، ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ لە بەندیخانەی ناوەندی شاری مەریوان ئازاد کرا.