مەریوان؛ بانگكران و دەستبەسەركرانی ئومێد فەرەجی بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی

هەنگاو؛ هەینی ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
ئومێد فەرەجی، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی گوندی “نێ”ی سەر بە مەریوان، دوای بانگكرانی لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی مەریوان گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، ئومێد فەرەجی، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵكی گوندی “نێ”ی سەر بە شاری مەریوان، دوای بانگكرانی بۆ دادگای مەریوان، دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای چوار ساڵ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هەفتەی ڕابردوو ئەم هاووڵاتییە، بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكەی بانگی دادگا كرابوو، بەڵام هەر لەو دانیشتنەدا بە بێ ئاگاداری پێشوو سزای سێ ساڵ بەندكران و بە هۆی دۆسیەیەكی پێشتری سزای دوو ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو و سەرجەم ئەم سزایە بووەتە پێنج ساڵ كە لە كۆتاییدا بۆ چوارساڵ و نیو كەم كراوەتەوە و ناوبراو ڕەوانەی بەندیخانە كراوە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند، ئومێد فەرەجی بە هۆی نەخوێندەواری ناشارەزایی لە مافی یاسایی خۆی، نەیتوانیوە بەرگری لە خۆی بكات و هەر ئەمەش بووەتە ڕێخۆشكەر بۆ دەرچوونی ئەم سزا قورسە.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی یەكشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤، دوای ٤٣ ڕۆژ لێپرسینەوە و دەستبەسەركران بە دانانی بارمتەی یەك ملیار و سێسەد ملیۆنی بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانەی مەریوان ئازاد كرا.
ئومێد فەرەجی، ڕۆژی یەكشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، بە سەحنەسازی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بۆ یەكێك لە لقەكانی بانك، بانگ و هەرلەوێ دەستبەسەر كرابوو.
شایانی باسە كە، ئومێد فەرەجی، باوكی منداڵێكە و تەنیا سەرپەرشتیاری ئەو منداڵەیە و گواستنەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانە، بارودۆخی منداڵەكەی نیگەرانكەر ڕاگەیێندراوە.