مەریوان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر مەحکوومیەت و جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانی بابەک بەهرامی، چالاکی مەدەنی

٣٠ خەرمانان ٢٧٢٥، ١١:٢٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٥

بابەک بەهرامی، چالاکی مەدەنیی کورد و خەڵکی مەریوان کە ماوەیەک پێش لە ڕەوتی دۆسییە سازییەکدا سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، لە کۆتاییدابە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی مەریوان گواسترایەوە. ئەم دۆسییە سازییە هاوکات لەبەر درووستکردنی زەخت بۆ سەر جەمشید بەهرامی، سینەماکار و ڕۆژنامەوانی کورد و دانیشتووی دەرەوەی وڵات و برای بابەک بەهرامی بووە. 

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (٢٠ی سێپتەمبری ٢٠٢٥)، بابەک بەهرامی، چالاکی مەدەنی پاش بانگ کردن بۆ لقی جێبەجێ کرانی سزاکان لە دادگای مەریوان، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای ٩٦ ڕۆژ بەندکران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی مەریوان گواسترایەوە. 

بابەک بەهرامی پێش لەمەش بە بێ بوونی خۆی  لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە سەرۆکایەتیی ئیحسان ڕۆحی بە تۆمەتی « بێ ڕێزی بە خامنەیی» سزای ٩٦ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. 

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، کۆمەڵێک لە کەسانی دەست ڕۆیشتووی حکومەتی پاش دەست داگرتن بەسەر دارایی (زەوی) بنەماڵەیی بابەک بەهرامی و پلانی شەڕ، دۆسیەیەکی ئەمنییەتییان دژ بە بابەک بەهرامی درووست کردبوو. سەباح بەهرامی، کەماڵ نووری، کامل نووری، حەسەن بادروج، بەهیە بەهرامی و محەممەد عەلی وەحیدی کەسانێکن کە بە بەشداری لە م دۆسییە سازییدا لە دادگای مەریوان بوونە هۆی سەپاندنی ئەم سزایە. 

کەسانی ناوبراو بە فرۆشتنی دارایی (زەوی) بابەک بەهرامی هەوڵیان داوە دەست بەسەر دارایییەکانی دیکەی ئەودا بگرن و بە هۆی سکاڵای ئەم هاووڵاتییە لە فرۆشیارەکان و کڕیارەکان، ناوبراوان دۆسیەی یاسایی و تاوانباریی ئەم هاووڵاتییەیان لە دادگای مەریوان کرد بە دۆسیەیەکی ئەمنییەتی. 

شایانی باسە کە، بابەک بەهرامی جگە لە هاوژینەکەی خۆی، بەرپرسایەتی و سەرپەرشیاری دایکە پیرەکەی خۆیشی لەئەستۆدایە. 

بابەک بەهرامی چالاکی مەدەنی، پێشتریش بە هۆی چالاکییەکانی و هەروەها براکەی، جەمشید بەهرامی ڕۆژنامەوان و سینمەکاری کورد، بەردەوام لە ژێر فشار و لێپرسینەوەی ناوەندە دادوەریی و ئەمنیەتییەکان بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە