هەمەدان؛ سزای سێدارەی بەندکراوێک لە پێش چاوانی خەڵکدا جێبەجێ کرا

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١١:٣٢

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی محەممەد عەلی سڵامەت لە شاری هەمەدان و لە پێش چاوانی خەڵک جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی وەکوو "دەستدرێژیی سێکسی" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی بەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی پیاوێکی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی هەمەدان بە ناوی محەممەد عەلی سڵامەت، لە باغی بەهەشتی ئەو شارە و لە پێش چاوانی خەڵکدا جێبەجێ کرا.

محەممەد عەلی سڵامەت کە بە ناوی عەلی سڵامەتیش ناسراوە، نزیکەی ١٨ مانگ پێشتر دەستبەسەر کرابوو. لە دوای دەستبەسەرکرانی عەلی سڵامەت نزیکەی ٢٠٠ دۆسیەی دەستدرێژی بۆ سەر ژنان دژ بە ناوبراو کراوە و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو بەندکراوە چوارەمین حاڵەتی لەسێدارەدران لە پێش چاوی خەڵک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییەوە لە ئێران بە هەژمار دێت. پێشتر دوو بەندکراو لە خومەین و بەندکراوێک لە شاهروود بەو شێوە لەسێدارە درابوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە