مەهاباد؛ بانگکران و دەستبەسەرکردنی محەممەد ڕەزا قەیتەرانی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
محەممەد ڕەزا قەیتەرانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی مەهاباد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دوای بانگکران و چوونی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، محەممەد ڕەزا قەیتەرانی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی مەهاباد دوای بانگکران و چوونی بۆ ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەی بە هەژمارکردنی ماوەی دەستبەسەرکرانی پێشووەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر «دوستی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای شەش مانگ بەندکرانی بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەرکرانی پێشووی بەسەردا سەپێندرابوو، و سزاکەی لە ڕێکەوتی ٣ی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بە ناوبراو ڕاگەیێندرابوو.
محەممەد ڕەزا قەیتەرانی لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤، لە ڕەوتی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی خۆی، بە بەکار هێنانی توندوتیژی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو.
شایانی باسە کە، ماوەی دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٢ی جولای٢٠٢٤)، لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ ١٥ ڕۆژ درێژ کرابوویەوە و لە کۆتاییدا ١٥ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی یەک ملیاری بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.
محەممەد ڕەزا قەیتەرانی پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، لە مەیدانی ئیستقلالی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.