ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی هادی ئەحمەدیئازەر، بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی مەهاباد
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بەندکراوێکی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهاباد بە ناوی هادی ئەحمەدیئازەر ناسراو بە "هەژار" کە لە کاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی دەستبەسەر کرابوو و سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، زیاتر لە سێ ساڵە کە ماوەی بەندکرانەکەی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد تێپەڕ دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی سیاسیی کورد بەناوی هادی ئەحمەدیئازەر، تەمەن ٢٣ ساڵ، زیاتر لە سێ ساڵە کە ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد تێپەڕ دەکات. ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی ١ی دادگای سەربازیی ئورمیە بە تۆمەتی "سیخوڕیی کەسێکی نیزامی" سزای پێنج ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی بەندکرانەکەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو سزایە دوایملکەچبوونی بۆ٤٥ مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە و ئەو بەندکراوە سیاسییە ئێستا ٣٧ مانگ لە سزای بەندکرانەکەی خۆی تێپەڕ کردووە. هادی ئەحمەدیئازەر پێشتر بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر کرابوو و بە هەژمارهێنانی ئەو دوو مانگە ناوبراو ٦ مانگی دیکە و لە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ سزای بەندکرانەکەی کۆتایی دێت و لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدیئازەر، ناوەندە ئەمنییەکان بەو بەندکراوە سیاسییەیان ڕاگەیاندووە کە دۆسیەی ناوبراو هیچ لێبوردنێک لەخۆ ناگرێت و دەبێت تا ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ لە بەندیخانە بمێنێتەوە.
هەژار ئەحمەدیئازەر بەهاری ساڵی ٢٧٢١ لە کاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی لە یەکێک لە پێگەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترایەوە ناوبراو دوای دوو مانگ دەستبەسەرکران لەو ناوەندە ئەمنییە و ئەشکەنجە و لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.