بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە؛ گواستنەوەی لەناکاوی پێشەوا ئاقاپوور بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
پێشەوا ئاقاپوور، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی بۆکان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» کە دوو مانگ پێش ئێستا دووبارە دەستبەسەر کرابۆوە، بە شێوەیەکی لەناکاو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێشەوا ئاقاپوور هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان کە چوار ڕۆژە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواستراوەتەوە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.
گواستنەوەی دووبارەی ناوبراو بۆ ناوەندێکی ئەمنی دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ و ئەگەری ئەشکەنجەدانی بەرز کردووە.
شایانی باسە کە پێشەوا ئاقاپوور ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٥ی مارسی ٢٠٢٦) لە ئەنجامی هێرشی توندوتیژانەی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی دەستبەسەر کرا. لە کاتی ئەو دەستبەسەرکردنەدا، ناوبراو بە توندی درایە بەر لێدان و باوکیشی بەهۆی لێدانی هێزە سەرکوتکەرەکانەوە پەراسووێکی شکا.
پێشەوا ئاقاپوور پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر و ئەشکەنجە درابوو.