دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی فەرشاد شوکروڵڵا هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
فەرشاد شوکروڵڵا، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز ماوەی ١مانگ و ١٧ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا لە دۆخی ناوبراو ناڕوونە و لە دەستبەسەرگەی ئەمنییەکانی سنە ڕاگیراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەرشاد شوکروڵڵا، ماوەی ٤٧ ڕۆژە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە لە دەستبەسەریدایە و بارودۆخی ناوبراو نادیارە.
فەرشاد شوکروڵڵا، لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتاییەکان وەکوو مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.
شایانی باسە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، لە ڕەوتی هێرش بۆ سەر ماڵی فەرشاد شوکروڵڵا، ئەم هاووڵاتییەیان لە سەقز دەستبەسەر و دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراو لەوانە مۆبایل و لاپتۆپەکەی گرتبوو.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.