ئیسفەهان؛ ٢٢ تۆمەتباری سیاسی سەرجەم سزای ١٦١ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ هەینی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بیست و دوو تۆمەتباری سیاسیی دانیشتووی ئیسفەهان لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرجەم بە ١٦١ ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەر مەحکووم کران. ناوی ئەم تۆمەتبارانە سەمانە عەمووشاهی، مریەم فەرهەنگ، مەرجان بەشتام، مینا ندایی، زەینەب پەرەندە، مینوو حەیدەری، بەهار سولەیمانی، شەمیم بەهارزادە، مێهشاد کشانی، هۆدا سادقی، عێرفان خەلیلیان، مێهرشاد بورجیان، پوویا تالێبیان، کیان تالێبی، ڕووزبە دانا، محەممەد ڕەزا قوتبی زادە، سیما تورکیان، محەممەد سوخەنوەر، ئەمیر عەجەمیان، پارسا حاجی ئاقایی و ئەمیر سالاری ئاشکرا بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەمانە عەمووشاهی، تەمەن ٣٣ ساڵ لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسفەهان بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەد تەوەکولی بە تۆمەتەکانی وەکوو "پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات و بێڕێزی بە خامنەیی" بە گشتی سزای ٢٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە کە ١٠ ساڵی جێبەجێ دەکرێت.
مینوو حەیدەری و مێهرجان بەشتام، تەمەن ٤٣ ساڵ هەر یەک بە تۆمەتیوەکوو "پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" سزای ١١ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. لەم نێوانەدا ١٠ ساڵ بۆ مەرجان بەشتام و ٥ ساڵ بەندکران بۆ مینوو حەیدەری دەبێ جێبەجێ بکرێت.
شەمیم بەهارزادەیش بە تۆمەتەکانی وەک "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و بێڕێزی بە خامنەیی" بە گشتی سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و کە ٥ ساڵی دەبێ جێبەجێ بکرێت.
هەروەها مێهشاد کەشانی، هۆدا سادقی، عێرفان خەلیلیان، مێهرشاد بۆرجیان، پوویا تالێبیان، مریەم فەرهەنگ، کیان تالێبی، مینا نێدایی، ڕووزبە دانا، پوویا دانا، بەهار سولەیمانی، محەممەد ڕەزا قوتبت زادە، سیما تۆرکیان، زەینەب پەرەندە، محەممەد سۆخەنوەر، ئەمیر عەجەمیان، پارسا حاجی ئاقایی و ئەمیر سالاری، هەر یەک سزای ٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە کە ٤ ساڵ و ٦ مانگی ئەو سزایە هەڵپەسێردراوە.
ئەم تۆمەتبارانە سیاسییانە ساڵی ڕابردوو لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا لە گرتنگە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسفەهان، لە ژێر گوشاری زۆری دەروونی و جەستەیی بوون.
شیاوی ئاماژە پێکردنە کە ئەم کەسانە لە ماوەی پووشپەری ٢٧٢٣ هەتا ١٥ی گەلاوێژی ئەو ساڵە، لە شاری ئیسفەهان دەستبەسەر و لە کۆتاییدا بە دابینکردنی بارمتە لە بەندیخانەکانی دەستگرد و دەوڵەت ئابادی ئیسفەهان و ناوەندی چاکسازی و پەرەوەردە ئازاد کران.