سنە؛ گواستنەوەی بەندکراوێک بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی
هەنگاو؛ شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بەندکراوێک بەناوی تالیب هیجرەتیپوور خەڵکی مەریوان، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە و مەترسیی جێبەجێکرانی سزاکەی لە ئارادایە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، تالیب هیجرەتیپوور، بەندکراوی تەمەن ٤٠ ساڵ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە نزیکەی ١٠ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
سەرچاوەیەکی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری جێبەجێکرانی سزای ئەو بەندکراوە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا لە ئارادایە.