ڕاپۆرتێک لەسەر دوو ساڵ بێسەروشوێنکرانی زۆرەملێی عوسمان مامە، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"

٢٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٤:٥٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی عوسمان مامە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان و لە دەستبەسەرکراوان و ڕفێندراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" تا ئێستا هیچ ناوەندێکی ئەمنی و پێکهاتەیەکی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو وەڵامدەر نەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، دوو ساڵی تەواو لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی عوسمان مامە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و لە ڕفێندراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" تێپەڕ دەبێت، سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە سەردانی سەرجەم ناوەندە ئەمنی، دادوەری و چاودێرییەکانی بۆکان و پارێزگای ئورمیەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە دەستبەسەرکران، چارەنووس و بارودۆخی عوسمان مامە وەرنەگرتووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەو بنەماڵە تەنانەت سەردانی ناوەندی سەروو یاسایی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ناسراو بە "بەیتی ڕێبەری"شیان کردووە، بەڵام بەردەوام بۆ ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی بۆکان ناردراونەتەوە و هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.

لەدوای بەدواداچوونی نوێ و لە وتووێژێک لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگاداردا، هەنگاو زانیویەتی لە ماوەی ڕابردوودا دادوەری دادگای شۆڕشی بۆکان بە بنەماڵەی عوسمان مامەی ڕاگەیاندووە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ ترسێکی لە ئێوە نییە، ئەگەر باوکتان کوژرابێت، پێتان دەڵێن و ترسێکیان لێتان نییە، کەواتە باوکتان زیندووە.

ڕێکخراوی هەنگاو پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە نەبوونی ناوبراو و گوشارێک کە لەبەر بەدواداچوون بۆ چارەنووسی کەوتووەتە سەریان، لەگەڵ کێشەی ئابووری و دەروونیدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە. هەرچەند تا ئێستا چەند کەس لە بەرپرسانی حکومەتیی شاری بۆکان بەڵێنیان بەو بنەماڵە داوە بۆ چارەنووسی عوسمان مامە بەدواداچوون بکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرپرس و ناوەندێک نەتوانیوە زانیارییەک لەسەر چارەنووسی عوسمان مامە بەدەست بهێنێت و ئەو زانیارییە بە بنەماڵەی ناوبراو بدات.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و دوای بڵاوکردنەوەی هەر ڕاپۆرتێک لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی عوسمان مامە، بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ناوبراو لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان داندراون.

عوسمان مامە، هاووڵاتیی تەمەن ٥٧ ساڵ، تا ئێستا تەنانەت یەک پەیوەندیی کورتماوەی تەلەفۆنیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی خۆیدا نەبووە و هیچ بەڵگە و دیارییەک لە ناوبراو لە دوای ڕفاندنی نەبیندراوەتەوە.

شایانی باسە کە، عوسمان مامە پێش بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی، وەکوو کرێکارێک لە کارگەیەکی پەروەردەکردنی مریشکدا لە شاری دوکانی سەر بە هەرێمی کوردستان کاری دەکرد و ئەو پارەی لەوێ بەدەستی دەهێنا تەنیا سەرچاوەی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەی بە هەژمار دەهات.

عوسمان مامە، دانیشتووی شاری بۆکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ یەک لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤە کە کەسێک لە لایەن حکومەت یان ڕێکخراوێکی سیاسییەوە دەستبەسەر دەکرێت و دەشاردرێتەوە، بێ ئەوەیکە زانیارییەک لەسەر چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستی بنەماڵەکەی و کۆمەڵگاکەیدا داندرێت. ئەو کردەوە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەمەبەستی سازکردنی ترس و دڵەڕاوکێ یا وەکوو ڕێگایەک بۆ سەرکوتکردن و تاواندانی دژبەرانی سیاسی بەکار دەبردرێت. بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ پێشێلکردنی جددیی مافی مرۆڤ بە هەژمار دێت و دەبێتە هۆی ئازاردانی بنەماڵە و هاوڕێیانی قوربانی.

هەنگاو بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی ٢ی کۆنڤانسیۆنی پاڵپشتی لە سەرجەم ئەو کەسانەی لەگەڵ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە، حکومەتی ئێران بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی عوسمان مامە دەزانێت و داوای وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەدا و دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بە خزمەتگوزاریی یاسایی و پارێزەر و خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ناوبراو دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە