مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی ئەمیر بابۆلی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای پێنج ساڵ بەندکران

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ٠٠:٢٠

هەنگاو، یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

ئەمیر بابۆلی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد کە پێشتریش لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم ٧ساڵ سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری٢٧٢٤ (٧ نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، ئەمیر بابۆلی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "لەج"ی مەهاباد دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزای ئەم شارە دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی تێپەڕ کردنی سزای پێنج ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد گواسترایەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەمیر بابۆلی پێشتریش لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی " ئەندامێتی لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران" سزای ٥ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، توندترین سزا واتا سزای ٥ساڵ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت. ناوبراو لەو دادگایەدا لە تۆمەتی محاربە و افساد فی الارض بێبەری کرا .

ناوبراو هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی مهاباد بە تۆمەتی "هەڵگرتن و گواستنەوەی چەک" حوکمی یەک ساڵ زیندانی بە سەردا سەپا.

ئەمیر بابۆلی تەمەن ٤٣ساڵە، کاتژمێر ٦ی بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٦ی جولای٢٠٢٢)، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی لەج ی مەهاباد دەستبەسەرکرا و دوای ٧مانگ دەستبەسەرکران لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندان بە دانانی بارمتەیەکی زۆر بە شێوەی کاتی و تا کاتی تەواوبوونی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرابوو.

شایەنی باسە کە، ئەمیر بابۆلی لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە