مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی محەممەد ئیسمەعیلی ئازەر، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی
![](/content/upload/1/root/kamil-mohammadiazar.png)
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
کامیل (محەممەد) ئیسمەعیلی ئازەر، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، محەممەد ئیسمەعیلی ئازەر، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی گوندی "قوڵەسەن" سەر بە شاری مەهاباد و باوکی دوو منداڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە لە ماڵەکەی خۆیدا و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە و دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، محەممەد ئیسمەعیلی ئازەر پێشتر بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە سزای ١٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بریتی لە ٦ مانگ بەندکران و ٧ مانگ بەندکران لە ماڵ لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنییە.
ئەو هاووڵاتییە ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢٣، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ناوبراو دوای چەند مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی ئازاد کرا.