ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی نهێنیی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سەبارەت هەواڵی پێشووی هەنگاو لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی هەشت بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج و بەپێی ئەو زانیارییە نوێیانەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتوون یەکێک لەو بەندکراوانە بەناوی موجتەبا قاسمیان، دەرچووی بواری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و خەڵکی کرماشان بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی کرماشان بەناوی موجتەبا قاسمیان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
ئەو بەندکراوە لە دوو ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قاسمیان، موجتەبا قاسمیان، دەرچووی بواری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و باوکی منداڵێک، دوو ساڵ پێشتر، لە مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە پیلانی دەستەیەک دەستبەسەر کرا و بێ ئەوەی پێشینەیەکی تاوانی هەبێت و تەنیا لە یەک دانیشتنی دادگادا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. شایانی باسە کە سزای سێدارەی ناوبراو بێ ئاگاداریی پارێزەر و دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا جێبەجێ کراوە.
جێی ئاماژەدانە کە، هەمان ڕۆژ سزای سێدارەی حەوت بەندکراوی دیکە بریتی لە دوو بەندکراوی کورد و سێ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان بەناوەکانی جەلیل ئێقباڵینژاد، فەرامەرز ئینتساری، مستەفا سەرلەک، محەممەد حوسێن بەیات، ئەجمەل عەزیزی، محەممەد تاجیک و سادق (ناوبانگ نادیار) لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.