مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەمید و مەیسەم کوشکی، دوو برای خەڵکی شاری کۆیەشت؛ برای گەورەتری ئەو دوو بەندکراوە لە پەیوەندی لەگەڵ هەمان دۆسیەدا لەسێدارە دراوە

١٥ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٥:٥١

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەمید و مەیسەم کوشکی، دوو برای خەڵکی شاری کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستان کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لەئارادایە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە فەرمان کوشکی، براکەی دیکەیان، بەرەبەیانیی ڕۆژی ۴ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۵ی مەی ۲۰۲۵) لە پەیوەندی لەگەڵ هەمان دۆسیەدا لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەمید و مەیسەم کوشکی، دوو برای تەمەن ۲۷ و ۲۵ ساڵی خەڵکی شارۆچکەی "تەرهان"ی سەر بە شاری کۆیەشت و بەندکراوی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، کە پێشتر لەگەڵ برایەکی دیکەیان بەناوی فەرمان کوشکی، لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەیان لە ئارادایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کوشکی، سزای سێدارەی حەمید کوشکی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و بڕیارە لە ڕێکەوتی ۲۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ جێبەجێ بکرێت. هەروەها پێیان ڕاگەیەندراوە کە دواتر سزای سێدارەی براکەی، مەیسەم کوشکی جێبەجێ دەکرێت.

ئەو سەرچاوە هەروەها بە ئاماژە بە هەستیاریی ئەو دۆسیە و پاڵپشتییە ڕێکخراوەکان لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە، ڕایگەیاند کە ئەو دوو برایە تا ئێستا مافی دەستڕاگەیشتنی پێویست بە پارێزەریان نەبووە و ڕەوتی دادگاییکردنیان ڕەوتێکی ناڕوون و نادادپەروەرانە بووە. ئەو بەربەستانە ئەگەری بەرگریی پێویست و ڕاگەیاندنی زانیاری لە بارودۆخی دوسیەکەیان بۆ بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە سەختتر کردووەتەوە.

ئەو سێ برا ساڵی ۲۷۲۰ بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج دەستبەسەر کران و لەژێر گوشاری سەختی ئەمنی و ئەشکەنجەدا، بە دانپێدانانی زۆرەملێ سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

شایەنی باسە کە فەرمان کوشکی لەژێر ئەشکەنجە و بە بڕیاری ئازادکردنی براکانی، تۆمەتی کوشتنی قەبوڵ کرد و سزای سێدارەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی ۴ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. بەڵام ئێستا حەمید و مەیسەم کوشکی مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەکەیان لە ئارادایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی کوشکی، کاتی گواستنەوەی فەرمان کوشکی بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی، بە براکانی ڕاگەیەندرابوو کە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی براکەیان پێ رانەگەیەندرابوو.

پێشتر پاش جێبەجێکردنی سزای سێدارەی فەرمان کوشکی، لە ڕۆژانی ۱۸ و ۱۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۵، بنەماڵەی کوشکی لەگەڵ ژمارەیەک لە خەڵکی تەرهان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ڕەوتی دادوەری ئەو دۆسیە و سەپاندنی سزای سێدارەی نادادپەروەرانە، لەبەر دادستانیدا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانیان بەڕێوە برد و لە ڕێگای بەدەستەوە گرتنی پلاکارد و گوتنەوەی دروشمی دژ بە سزای سێدارە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای سێدارەی ئەو دوو برایەیان کرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەمید و مەیسەم کوشکی، داوا لە سەرجەم ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، رێکخراوەکانی بەرگریکاری مافی بەندکراوان و کۆمەڵگای جیهانی دەکات کە بەمەبەستی ڕێگری لە جێبەجێکردنی سزای سێدارە و گەرەنتیکردنی ڕەچاوکردنی مافی یاسایی تۆمەتباران و ڕەوتی دادوەری دادپەروەرانە هەنگاو بنێنەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە