تاران؛ کوژرانی پێنج ژن لە ماوەی یەک حەفتەدا

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٢:٠٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

پیاوێک بەناوی "شەهرووز" لە تاران خوشکەکەی خۆی بە لێدانی قەندشکێن لەسەری کوشتووە. هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە لەژێر ناوی دەستەواژەی "ناکۆکیی خێزانی" ڕاگەیەندراوە. لەو ڕووداوەدا ژن و پیاوێکیش بە سەختی بریندار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، پیاوێک بەناوی شەهرووز، لە تاران بە چەندین زەربەی قەندشکێن خوشکە تەمەن ٣٥ ساڵەکەی خۆی کوشتووە. هەروەها لەو ڕووداوەدا دوو کەسی دیکەش هێرشیان کراوەتە سەر کە بارودۆخی ئەو دوو کەسە کە یەک لەوان ژنە، بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە و لە کۆمادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی حکومەتیی ڕۆکنا، بکوژەکە ویستوویەتی ماڵی دایک و باوکی بە پێچەوانەی ویستی براکەی "شەهرووز" دانێت بۆ فرۆشتن. ناوبراو لەگەڵ کارناسێکی فرۆشتنی مڵک کە ژن بووە دەچێتە نێو ماڵەکەوە بەڵام شەهرووز دوای ئاگاداربوونەوە لەو بابەتە تێکهەڵچوونێکی لەگەڵیاندا دەبێت و بە ئامێری شکاندنی قەند خوشکەکەی دەکوژێت. کارناسی موڵکی و ئەو کرێنشینەش کە بۆ نێوانگیری هاتبوون بریندار کراون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا لانی کەم پێنج حاڵەتی ژنکوژی لە تاران تۆمار کراوە کە سێ کەسیان لە لایەن هاوژین و دوو کەسیان لە لایەن برا و کوڕەکەیانەوە کوژراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە