جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک خەڵکی سەرپێڵی زەهاو لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان
هەنگاو؛ پێنجشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناو ئەمیر حوسێن ڕۆستەمی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان (بەندیخانەی ئەڵوەند) جێبەجێ کرا.ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو بە هەنگاو ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بەندکراوە منداڵێکی تۆمەتبار بووە و ئەم بابەتە لەلایەن هەنگاوەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ئەمیر حوسێن ڕۆستەمی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "پاتاق"ی سەرپێڵی زەهاو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری هەمەدان جێبەجێ کراوە.
ئەم بەندکراوە پێنج ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
جێ ئاماژەیە کە، ئەمیر حوسێن لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەمەنی ١٨ ساڵ بووە و لە تاران کاری دەکرد. کەسێک داوای لێکردبوو کە بە ئۆتۆمبێلی پراید بارێک ببات بۆ هەمەدان. ناوبراو بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکی بارەکە بزانێت، ئەم کارەی قبووڵ کردبوو و دوای گواستنەوەی بارەکە بۆ هەمەدان، بۆی دەرکەوتووە کە بارەکە مادە هۆشبەر بووە و هەر لەوێ دەستبەسەر دەکرێت.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە میدیاکانی حکومەت بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.