ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی جەبار عەلیشاهی، ئەشکان مەهدی پەنا و مورتەزا خۆڕەمی لە بەندیخانەکانی هەمەدان و کرماشان

هەنگاو؛ یەکشەممە ۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی سێ بەندکراو بەناوەکانی جەبار عەلیشاهی، ئەشکان مەهدی پەنا و مورتەزا خۆڕەمی لە بەندیخانەکانی هەمەدان و کرماشان جێبەجێ کرا. ئەو سێ بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" و "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۱ی گەلاوێژی ۲۷۲۵ (۲۳ی جولای ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەناوەکانی جەبار عەلیشاهی، هاووڵاتیی لوڕی تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی خوڕەمئاوا و ئەشکان مەهدی پەنا، بەندکراوی خەڵکی هەمەدان لە بەندیخانەی هەمەدان جێبەجێ کرا.
جەبار عەلیشاهی و ئەشکان مەهدی پەنا لە چوار ساڵ پێشترەوە، لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۲ی جولای ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی مورتەزا خۆڕەمی، خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە (بەندیخانەی دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.
مۆرتێزا خۆڕەمی دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی ئەندامێکی هێزە سەربازییەکانی ئێران دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.