ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد و یەک بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی کرماشان و هەمەدان

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی کرماشان بەناوەکانی کیانووش خەسرەوی سیاەبیدی و حامید جەلیلیان و بەندکراوێکی لوڕ بەناوی عەلی میرزا بەهرامی خەڵکی خوڕەمئاوا کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" و "کوشتنی بە ئەنقەست" لە دۆسیەی جیاوازدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەکانی کرماشان و هەمەدان جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۵ی جولای ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەناوەکانی حامید جەلیلیان خەڵکی کرماشان و کیانووش خەسرەوی سیاەبیدی خەڵکی گوندی سیاەبیدی سەرووی سەر بەو پارێزگایە لە بەندیخانەی دیزڵئاوا جێبەجێ کرا.
ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۳ی جولای ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی عەلی میرزا بەهرامی، تەمەن ۳۲ ساڵ و خەڵکی خوڕەمئاوا کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی هەمەدان جێبەجێ کرا.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.