لێدان و بریندارکردنی ئازاد عەباسی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی قوروە

٣ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٧:٠١

هەنگاو؛ شەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

ئازاد عەباسی، مامۆستای زمانی کوردی، بەرپرسی گشتیی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "نۆژین" و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" کە ٢٣ ڕۆژ لە ماوەی یەک ساڵ سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی قوروە تێپەڕ دەکات، لە دوو قۆناغدا لە لایەن پارێزەری بەند و بەندکراوانی دیکە کەوتووەتە بەر لێدان و بریندارکراوە و بە بێ هیچ پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی و یاسایی بۆ ناو بەند گەڕێندراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی و سیاسی بەندکراو لە بەندی گشتیی بەندیخانەی ناوەندیی قوروە لە لایەن پارێزەری ناوبراو و بەندکراوانی دیکەی تاوانباری سزا ئاسایییەکان کەوتووەتە بەر لێدان و بریندار کراوە. ئەم هاووڵاتییە سەرەڕای تێپەڕینی چوار ڕۆژ تا ئێستا بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەگواستراوەتەوە و کۆبوونەوەی پزیشکی یاسایی بۆ ناوبراو بەڕێوە نەچووە.

ئازاد عەباسی دوای برینداربوونی لە بەرپرسانی بەندیخانە داوای بەدواداچوونی ئەو بابەتە و پشکنینی کامێراکانی چاودێری کردووە، بەڵام بە بێ هیچ جۆرە بەدوادووچوونێک بۆ ئەم بابەتە دوای ماوەیەک بۆ جاری دووەم بۆ ناو بەند گەڕێندرابوویەوە و ئەم جارە بە توندی هێرش کرابوویە سەری و بە شکاندنی فلاسکی ئاوی کوڵاو تووشی سووتان بووە.

شایانی باسە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە بە بێ ڕەچاوکردنی بنەمای جیاکردنەوەی تاوانەکان، ماوەی دەستبەسەرکرانەی لە بەندی گشتیی بەندیخانەی قوروە لەگەڵ تاوانبارانی سزا ئاسایییەکان تێپەڕ دەکات و تاکە بەندکراوی سیاسی ئەم بەندخانەیەتە.

لەم دواییانەدا سزای سێ ساڵ بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە لە لایەن دادگای پێداچوونەو بۆ یەک ساڵ سزای بەندکران کەم کرایەوە. ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی دێولان بە تۆمەتی "بێڕێزی بە خامنەیی" سزای دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای بڕیاری دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایانە بۆ هەشت مانگ و چوار مانگ و سەرجەم بە یەک ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

ئازاد عەباسی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٣ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، دوای بانگکران و چوونی بۆ ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکانی قوروە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترابوویەوە.

ئازاد عەباسی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوایین جار ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٣ و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دەستبەسەر کرابوو.

شایانی باسە کە، ئازاد عەباسی لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەگەڵ سیرووس عەباسی، براکەی دەستبەسەر کرابوو و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا لەلایەن لقی دووەمی دادگای تاوانەکانی دێولان سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە