ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی قوروە لە بەندیخانەی ناوەندی هەمەدان
هەنگاو؛ شەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی قوروە بە ناوی مەیسەم نووری کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی هەمەدان جێبەجێ کرا. هەر لەو ڕۆژەدا سزای سێدارەی ئەمیر حوسێن ڕۆستەمی بەندکراوی کورد و خەڵکی سەرپێڵی زەهاویش جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢١ نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی مەیسەم نووری، خەڵکی قوروە لە بەندیخانەی ناوەندی هەمەدان (بەندیخانەی ئەڵوەند) جێبەجێ کرا.
ئەو بەندکراوە لە سێ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەرکرا و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە لە ڕەوتی دەستبەسەرکران لە لایەن بریکارەکانی حکومەتەوە تەقەی لێکراوە و بریندار بووە و دوای باشتربوونی دۆخی گشتی، بۆ بەندیخانەی هەمەدان گواستراوەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە میدیاکانی حکومەت و بەتایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.