شنۆ؛ سەپاندنی سزای بەندکران بۆ سەر سێ هاووڵاتی لە دەستبەسەرکراوانی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی دیاکۆ عەزیزی، لوقمان زەنگی و سیامەند زەنگی کە لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەستبەسەر کرابوون، هەر یەک سزای ١٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەر یەک لە دیاکۆ عەزیزی تەمەن ٣٤ ساڵ، لوقمان زەنگی تەمەن ٥٢ ساڵ و سیامەند زەنگی تەمەن ٢٢ ساڵ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر " ئەنساری" هەر یەک بە ١٦ مانگ بەندکران مەحکووم کران.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم سێ هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر بەڕێوە چووبوو و بە تۆمەتی"هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" مەحکووم کرابوون.
دیاکۆ عەزیزی خەڵکی گوندی بابخاڵاوێ، لوقمان زەنگی و کوڕەکەی سیامەند زەنگی خەڵکی شنۆ لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) و هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد لە بەرەبەرەی ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دەستبەسەر کرابوون.
ئەم سێ هاووڵاتییە لە کۆتاییدا دوای سێ هەفتە دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی یەک ملیاری و یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆنی بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کران.
ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەیاندا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر و تەنانەت مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لێپرسینەوەیان لێ کراوە.