سەقز، سەپاندنی سزای بەندکران بۆ سەر هیوا مورادی لە دەستبەسەرکراوانی دووەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی

٧ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٣:٣٨

هەنگاو؛ شەممە ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

هیوا مورادی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز و لە دەستبەسەرکراوانی دووەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە حکوومەتییەکان و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە بەشی لاقی چەپی خاوەن پێداویستیی تایبەتە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هیوا مورادی، خەڵکی سەقز لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر موجتەبا غەفاری بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی حکوومەت" سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مورادی، هیوا مورادی لە ڕەوتی دۆسیەیەکی دیکەدا کە دژی ناوبراو باز کراوە بە "بێڕێزی بە پیرۆزییەکان" مەحکووم کراوە.

سەپاندنی سزای بەندکران بۆ سەر هیوا مورادی لە حاڵێکدا بووە کە ناوبراو لە بەشی لاقی چەپی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و بەرگەی بەندکران ناگرێت.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤، چوار ڕۆژ پێش ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە