بانگکران و دەستبەسەرکرانی پووریا ئەحمەدی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٤ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١١:٤٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

پوریا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە دوای بانگکران و چوونی بۆ ناوەندی جێبەجێکرانی سزاکان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای شەس مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواستراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، پووریا ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای شەش مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواسترایەوە.

پووریا ئەحمەدی ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ لەگەڵ خێزانەکەی بە ناوی سەحەر ئەحمەدی و منداڵە چوار ساڵانەکەیان بە ناوی بەرزین ئەحمەدی لە ڕێگای سنە_مەریوان بە تەقەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاوەستان و دەستبەسەرکران کە ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ وریشە مورادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرابوو و دوای سێ مانگ بێسەروشوێینکردنی زۆرەملێ ڕاگەیێندرابوو کە لە ئێڤین بەند کراوە.

شایانی باسە کە، پووریا ئەحمەدی لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی ئەندامیەتی و هاوکاری لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت و هاوڕێیەتی لەگەڵ وریشە مورادی سزای پەنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەم سزایە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ چوار ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و شەش مانگ بەندکران کە دەبێ جێبەجێ بکرێت گۆڕدرا.

پووریا ئەحمەدی لە ئەندامانی پێشووی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللی پێشتر لە ساڵەکانی ٢٧١٨ تا ٢٧٢٩ لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکان دەستبەسەر و دواتر سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە