سنە؛ ئەرسەلان دادگەر بە ٣٦ مانگ بەندکران سزا درا

٥ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٦:٠٨

هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

ئەرسەلان دادگەر هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری دیواندەرە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣٦ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی پێشووی دەستبەسەرلکرانەکەی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ماوەی پێشوو ئەرسەلان دادگەر هاووڵاتی تەمەن ٤٨ ساڵە و خەڵکی شاری دیواندەرە و دانیشتووی شاری سنە بە تۆمەتی "سیخوڕی" لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە ٣٦ مانگ بەندکران سزا درا کە ئەم سزایە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپەسێدراوە.

جێگای ئاماژەیە، کە داواکاری ئەم هاووڵاتییە بۆ پێداچونەوە بە سزاکەی ڕەتکراوەتەوە کە لە ماوەی بیست ڕۆژ دوای دەرچوونی سزاکەی ئەگەری ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزاکەی لە دادگای پێداچوونەوە لە شاری سنە هەیە و ئەم سزایە بە ١٧ ڕۆژ دەستبەسەربوونی پێشووتری ئەرسەلان دادگەر بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵپەسێدراوە.

ئەرسەلان دادگەر ٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو دوای بانگکران و سەردانکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەرکرا بوو.

هەروەها ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" یشدا، لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ دوای بانگکران و سەردانکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترابۆوە. ناوبراو لە کۆتاییدا لە ٩ی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا دوای ٥٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی ئازاد کرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە