۲۵ی نۆڤەمبەر؛ ڕەنگدانەوەی زنجیرەیەک لە توندوتیژییە حکومەتی، کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان لە ئێران

٥ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٩:٠٦

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییەوە تا ئەمڕۆ (٢٥ی نۆڤەمبەر)، لانی کەم ١٧٤ حاڵەتی ژنکوژی، دەستبەسەرکرانی ١٢٨ ژن، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٢٤ ژن، سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر سێ چالاکی ژن و هەروەها سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر ١٢٣ چالاکی ژن لە ئێراندا تۆمار کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەسەر ئەو بڕوایەیە کە توندوتیژیی دژ بە ژنان لە ئێران، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتێکدا کە ئاپارتایدی ڕەگەزی وەکوو سیاسەتێکی فەرمی بەکار دەبات، گەیشتووەتە ئاستێکی قەیراناوی. ئەو بارودۆخە لە حاڵێکدایە کە ئێران لە پێوەری جیهانیی کەلێنی ڕەگەزیدا، تا ئێستاش لە نزمترین پلەدایە. لەدوای بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، ژنان لە ئێران لەگەڵ سەرکوتکردنێکی سەختتر و بەکارهێنانی یاساگەلێکی وەکوو «حیجاب و پاکیزەیی» ڕووبەروو کراونەتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا بەربەستەکانی زیاتر کردووە، بەڵکوو بە دەستپێکردنی پلانی وەکوو «کلینیکەکانی چارەسەریی بێ‌حیجابی» هەوڵ دەدات کۆنترۆڵە ئایدیالۆژیک و سەرکوتە ڕێکخراوانەکانی زیاتر لە جاران پەرە پێبدات.

قەبارەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران و پەیوەندییەکانیان

١. توندوتیژیی حکومەتی: چەوساندنەوەی پێکهاتەیی و ڕێکخراوەیی

توندوتیژیی حکومەتی لە ئێران، بنەما و بنەڕەتی سەرجەم شێوەکانی توندوتیژی دژ بە ژنانە. ئەم شێوە لە توندوتیژی چەوساندنەوە، بێبەریکردن لە مافەکان، پڕۆپاگەندەی ئایدیالۆژیک و سەپاندنی سزای قورس لەخۆ دەگرێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای بەندکرانی بەسەر ١٢٣ ژن و سزای سێدارەی بەسەر ٢٤ ژندا سەپاندووە. سێ ژن بێجگە لە بەندکران سزای لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها ١٢٨ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە قوتابخانەکان و چەوساندنەوەی ژنان لە گۆڕەپانە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگای سیاسەتی وەکوو یاسای حیجابی زۆرەملێ، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بەربڵاوی توندوتیژیی دەروونی و فیزیکی. ئەو ڕەوتە گیانی کچانێک وەکوو ئارەزوو خاوەری و دونیا فەرهادیی گرتووە و بووەتە هۆی ئەوەی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ گوشاری زێدەتردا ڕووبەڕوو ببێتەوە.

٢. توندوتیژیی کۆمەڵایەتی: قووڵبوونەوەی هەڵاواردن لە چوارچێوەی کۆمەڵگای پیاوسالاردا

توندوتیژیی کۆمەڵایەتی لە ئێران، لەژێر کاریگەریی سیاسەتە حکومەتییەکان، بە شێوەی ئازاردانی سێکسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دژ بە ژنان پەرەی پێدراوە. سەرەڕای ئەوەی تەنیا ١٨ لە سەدی ژنان لە ئێران کار دەکەن، سیاسەتە پێکهاتەییەکان، ئەوان لە بارودۆخێکی پشت‌پێ‌بەستن لە بواری ئابووری و خەساردیتنێکی زیاتردا ڕادەگرێت. ئەو توندوتیژییانە، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی یاسایی و ناوەندێکی گشتگیر، چوارچێوەیەکیان بۆ بەهێزکردنی توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتی ساز کردووە.

٣. توندوتیژیی خێزانی: ئاکامی «بە سروشتیکردن»ی سیستەم لە سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی

توندوتیژیی خێزانی، بریتی لە لێدان و کوتان، ئازاردانی سێکسی، کوژرانی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس و ژنکوژی، توندترین شێوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە تەواوی جیهان و بە شێوەیەکی تایبەتتر لە ئێراندایە. ئەو شێوازە لە توندوتیژی نە تەنیا لە سێبەری نەبوونی یاسایەک بەمەبەستی پاڵپشتی، بەڵکوو بەهۆی پڕوپاگەندە دژە ژنانەکانی حکومەت، چڕتر بووەتەوە.

ڕێکخراوی هەنگاو لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییەوە، ١٧٤ حاڵەتی ژنکوژیی لە ئێران تۆمار کردووە. بەڵام ئەو ئامارە تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکانە؛ زۆربەی حاڵەتەکانی توندوتیژیی خێزانی بەهۆی گوشارە کۆمەڵایەتی و حکومەتییانەوە تۆمار ناکرێن و لە ڕێژەی «ئاماری نهێنی» دادەندرێن. توندوتیژیی خێزانی لەڕاستیدا، ڕەنگدانەوەی گوشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاوترە کە ژنان لە ئێران لەگەڵی بە شێوازێکی تایبەتەوە ڕووبەڕوو دەبنەوە.

قەبارەی بەربڵاویی توندوتیژی دژ بە ژنان و دەرئەنجامەکانی

توندوتیژیی دژ بە ژنان لە ئێران زنجیرەیەک لە هۆکارە لێک گرێدراوەکانە. سیاسەتە حکومەتییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە ڕێخۆشکەری توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتین. بەکاربردنی یاسا سنووردار و جیاکارییەکان، سازکردنی ترس و چەوساندنەوە لە پانتایی گشتیدا، و نەبوونی ڕێوشوێنێک بۆ پاڵپشتیکردن، نە تەنیا ژنان لە ئاستی تایبەتیدا لاوازتر دەکاتەوە بەڵکوو ئاسایش و ئازادییەکانیان لە کۆمەڵگاشدا دەخاتە مەترسییەوە.

ئەو توندوتیژییانە بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و ئامانجدار، ژنان لە بواری ڕەگەزی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و لە ئاکامدا سیاسی دەچەوسێنێتەوە و بوونەوەرێکی پشت‌بەستوو وبێ‌هێزیان لێ ساز دەکات. لە ئاکامدا ئەوەی لە ئێران دەیبینین، سەرتر لە قەیرانێکی نێوخۆییە و دەبێت وەکوو بەشێک لە سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی بناسرێت کە ئامانجی سڕینەوەی ژنان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و گشتیدایە. لە نموونەی ئەو توندوتیژییانەدا، توندوتیژیی ڕێکخراوانە و کۆمەڵایەتیی دژ بە ژنانی کوییر (بەتایبەتی ژنانی هاوڕەگەزخواز و ترانس) لە سێبەری بە سزاناساندنی ژیانی پەڵکەزێڕینەکانە کە تا سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریاندا پێش دەڕوات.

بانگەوازی هەنگاو

بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، ڕۆژی جیهانیی ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە کۆمەڵگای جیهانی و خەڵکی ئێران داوا دەکات کە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران کردەوەیەکی دەستبەجێ و کاریگەریان هەبێت.

هەنگاو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەوێت کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو حکومەتێک کە لەسەر بنەمای ئاپارتایدی ڕەگەزی دامەزرابێت، بناسێنێت. ئەو دانپێدانانە دەبێ ببێتە هۆی بەکارهێنانی فشارە دیپلۆماسی، یاسایی و ئابوورییەکان بۆ ڕاگرتنی توندوتیژیی سیستماتیکی دژ بە ژنان لە ئێران. هەروەها دامەزراوە مافی مرۆڤییەکان پێویستە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و هەمەلایەنە سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران ئەنجام بدەن و لێپرسینەوە لە لایەنە بەرپرسیارەکان بکەنەوە.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کۆمەڵگەی ئێران بە هاوپشتی و دروستکردنی تۆڕی پشتیوانی بۆ ژنان دژایەتیی خۆیان بە توندوتیژیی کۆمەڵایەتی و خێزانی نیشان بدەن، و بە بەڵگەمەندکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکرانی مافەکان، ئاستی زانیاریی گشتی و جیهانی لەو بارەیەدا زیاتر بکەنەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە پێبەندبوونی خۆی لە بەڵگەمەندکردنی توندوتیژی و بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان و بەدواداچوون بەمەبەستی دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان لە شوێنە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوامە. هەنگاو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕۆژی جیهانیی ڕێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان پێویستە کە ببێتە خاڵێکی دەستپێک بۆ کردەوەیەکی جددی نەک تەنیا پەیامێکی ڕەمزین. ئەوەی ئێستا پێویستە هاوپشتی جیهانی و ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی سیستماتیکی دژ بە ژنان لە ئێراندایە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە