کرماشان؛ دەستبەسەرکرانی دوو ئەندامی بنەماڵەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
حەمید عینایەتی، بەرپرسی لیژنەی شاخەوانی پاوە و براکەی، فەرید عینایەتی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و دوای تێپەڕینی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ چارەنووسیان ناڕوونە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، حەمید عینایەتی، تەمەن ٤٥ ساڵ و فەرید عینایەتی، تەمەن ٣٧ ساڵ لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەیان لە کرماشان دەستبەسەر کراون.
حەمید و فەرید عینایەتی دوای دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و دوای تێپەڕینی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنەکەیان، زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراوان لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە کە، فەرید عینایەتی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
تا ئێستا لە وردەکاری هۆکاری دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم دوو برا زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.