دەستبەسەرکرانی سێ چالاکی مەدەنیی تورک لە شارەکانی کەرەج و تەورێز
هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سەیاد محەممەدیان، دانیشتووی کەرەج و دوو چالاکی مەدەنیی دیکەی تورک بە ناوەکانی وەحید ئەبهەری و جاوید نەزمی، خەڵکی تەورێز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢٥ نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سەیاد محەممەدیان، لە چالاکانی مەدەنیی تورک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کەرەج دەستبەسەر کرا.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، سەیاد محەممەدیان دوای دەستبەسەرکران بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی کەچوویی گواستراوەتەوە. ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی کەرەج بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە ناوبراو، لە ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٤، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کەرەج دەستبەسەر و لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ئازاد کرابوو.
پێش ئەوە، ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤، وەحید ئەبهەری و جاوید نەزمی، چالاکانی تورک لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپا لە تەورێز دەستبەسەر کران.
دەوترێت کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا، ڕۆژێک پاشتر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی وەحید ئەبهەری و وێڕای پشکنینی تەواو، دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسی ناوبراودا گرتووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی وەحید ئەبهەری و جاوید نەزمی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.