جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی کۆیەشت لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج
هەنگاو؛ سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی ئیحسان بەساتی وەلی ئاوا، خەڵکی کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی ئێحسان بەساتی وەلی ئاوا، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی کۆیەشت لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج کە میدیا حکوومەتییەکان بە "نێدانەتگای ناوەندیی کەرەج" ناوی لێ دەبەن، جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ٤ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە کەرەج دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەز بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.