کرماشان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی یەزدان قەنبەری، لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان

٧ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٧:٥٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

یەزدان قەنبەری، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی کرماشان و پەیڕەوی ئایینی یارسان، ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان گواسترایەوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو نییە لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی یەزدان قەنبەری، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی کرماشان و پەیڕەوی ئایینی یارسان، هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم بارەیەوە بێ ئەنجام بووە.

یەزدان قەنبەری، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئەم شارە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قەنبەری، یەزدان قەنبەری لەو ماوەیەدا لە سەرەتاییترین مافەکانی لەوانە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەک ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە