بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی هیوا بەهین لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
هیوا بەهین، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لە پێنج ڕۆژ پێشەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی هیوا بەهین، هاووڵاتیی تەمەن ٤١ ساڵی خەڵکی بۆکان لە لایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
هیوا بەهین ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئەو ناوەندە ئەمنییە دەستبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواستراوەتەوە.
شایانی باسە کە، هیوا بەهین کاسبکارە و ڕۆژی شەممە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگ کرابووە فەرمانگەی ئیتلاعات.