جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی نەهاوەند و قەزوین

٨ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٦:٤٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی محەممەد عەلی تاهیری و هادی قیاسی، کە پێشتر بە تۆمەتی «پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بە ئەنقەست» لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەکانی نەهاوەند و قەزوین جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٢٨ی نۆڤەمبەری٢٠٢٤)، سزای سێدارەی محەممەد عەلی تاهیری، بەندکراوی تەمەن ٤٦ساڵە و خەڵکی شاری کەنگەڤەر، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو لە بەندیخانەی ناوەندی قەزوین جێبەجێ کرا.

هاوکات سزای سێدارەی هادی قیاسی لە بەندیخانەی ناوەندی نەهاوەند جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە لە میدیاکانی حکومەت بە تایبەتی میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە