ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی یازدە بەندکراو لە بەندیخانەکانی کاشمەر، مەشهەد، فێردۆس، کەرەج، ئەلیگودەرز، ئەردەبیل، بێهبەهان و ئیلام

٧ سەرماوەز ٢٧٢٥، ١٠:٣٦

هەنگاو؛ هەینی ٧ی سەرماوەزی ۲۷۲۵

سزای سێدارەی یازدە بەندکراو بریتی لە سێ بەندکراوی لوڕ، دوو بەندکراوی کورد، دوو بەندکراوی تورک و بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستان بەناوەکانی نێعمەت غوڵامی، موحسین عەزیزفەرخانی، نوورخودا شاهرۆخی، فەرهاد حەیدەر، محەممەدحوسێن خەزایی، بەهمەن ساڵحی، شەهرام شەمسی، بێهزاد عەلیپوور، کامبیز فەروخی، محەممەدعەلی جەهانیان و عەلیڕەزا فرووهەندە، کە پێشتر لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" و "کوشتنی بە ئەنقەست" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەکانی کاشمەر، مەشهەد، فێردۆس، کەرەج، ئەلیگودەرز، ئەردەبیل و ئیلام جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۶ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۲۷ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی نێعمەت غوڵامی لە بەندیخانەی کاشمەری سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی موحسین عەزیزفەرخانی، تەمەن ۴۷ ساڵ و خەڵکی مەشهەد لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد (وەکیل ئاباد) جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە نزیکەی پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. موحسین کاتێک نزیکەی ۳۲ ساڵی بووە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای ۱۰ ساڵ بەندکران و وەرگرتنی داوای لێبوردن لەوانەی سکاڵایان لە دژی تۆمار کردبوو، ئازاد کرابوو.

سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی نوورخودا شاهرۆخی، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی فێردۆس سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور جێبەجێ کرا.

لە لایەکی دیکەشەوە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۵ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۲۶ی نۆڤەمبەر)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بەناوەکانی فەرهاد حەیدەر تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی ئەفغانستان و محەممەدحوسێن خەزایی، بەندکراوی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی کەرەج لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەدحوسێن خەزایی پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و فەرهاد حەیدەر سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. فەرهاد حەیدەر ڕۆژی دووشەممە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە و ڕۆژی سێشەممە دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە.

هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی بەهمەن ساڵحی، تەمەن ۳۰ ساڵ و باوکی یەک منداڵ، لە بەندیخانەی ئەلیگودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۴ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۲۵ی نۆڤەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بەناوی شەهرام شەمسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی بێهزاد عەلیپوور کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی بێهبەهان سەر بە پارێزگای خووزستان جێبەجێ کراوە.

لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدرانەکانی ئەم دواییانە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۲ی سەرماوەزی ۲۷۲۵ (۲۳ی نۆڤەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی کامبیز فەروخی، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

هاوکات و لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بەناوی عەلیڕەزا فرووهەندە، تەمەن ۲۳ ساڵ و خەڵکی شاری پارس ئاباد سەر بە پارێزگای ئەردەبیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە