بۆكان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی هێمن قولیزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران

هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
هێمن قولیزادە، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی بۆكان لە سەرەتاكانی ئەم مانگە بۆ جێبەجێكرانی سزای دوو ساڵ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە گواسترایەوە و ئێستا شانزەدەیەمین ڕۆژ لە سزاكەی تێدەپەڕێ.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٤ی مەی ٢٠٢٥)، هێمن قولیزادە، خەڵكی بۆكان دەستبەسەر و بۆ جێبەجێكرانی سزاكەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیک لە بنەماڵەی قولیزادە، هێمن قولیزادە لەم دواییانەدا لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی بۆكان بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک)” سزای ٢ ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو و ئەم سزایە سەرەڕای ملكەچبوون بە بڕیاری دادوەر، لە كۆتاییدا بێ ئاڵوگۆڕ ماوەتەوە. عەبدوڵڵا قولیزادە باوكی ناوبراو لەم دۆسیەیە دوور خراوەتەوە.
هێمن قولیزادە ڕۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، لە ماڵی خۆی كە لە بۆكانە لەگەڵ باوكی عەبدوڵڵا قولیزادە دەستبەسەر كرا.
هەنگاو پێشتر بە پێی سەرچاوەی ئاگادار نووسیبووی كە هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە كاتی دەستبەسەركردنی هێمن قولیزادە، ماڵەكەیان پشكنیوە و دەستیان بەسەر هەندێك لە كەلوپەلی تاكەكەسیی ناوبراودا گرتبوو.
ناوبراو دوای دەستبەسەركران بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەكانی ئیتلاعاتی سوپا لە پادگانی ئەلمەهدی لە شاری ئورمیە گواسترایەوە و لە سەرەتاكانی مانگی بەفرانباری ئەو ساڵە بە دانانی بارمتە بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانە ئازاد كرا.