بۆكان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەركران، ئەشكەنجە و دەرچوونی سزای بەندكران بۆ دیاكۆ پەزدانپەنا

هەنگاو؛ هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
دیاكۆ یەزدانپەنا، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی بۆكان، لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای بەندكرانەكەی بانگ كراوە. ناوبراو جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و لە دەستبەسەرگە بە سەختی ئەشكەنجە درابوو و دواتر سزای ٣٢ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، دیاكۆ یەزدانپەنا، تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵكی شاری بۆكان، بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای بەندكران، لە ڕێكەوتی ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ بۆ ناوەندی جێبەجیكرانی سزاكانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی بۆكان بانگ كراوە.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ڕێكەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی دووی شاری بۆكان، بە تۆمەتی “بێڕێزی بە ڕێبەر” سزای دوو ساڵ بەندكران و بە تۆمەتی “نەبوون لە خزمەتی سەربازی” سزای هەشت مانگ بەندكران و سەرجەم سزای دوو ساڵ و هەشت مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی یەكشەممە ٣ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو، دوای یەك هەفتە ئەشكەنجە و دەستبەسەركران بە دانانی بارمتە بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانەی بۆكان ئازاد كرا.
دیاكۆ یەزدانپەنا ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤، دوای بانگكرانی بۆ پۆلیسی ئەمنیەتی بۆكان دەستبەسەر كرا و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە، بە تۆمەتی “پەیوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكان” لە ژێر ئەشكەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی بوو. دوای سێ ڕۆژ، بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهی گواستراكەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژی دیكە بە تۆمەتی “هەڵاتن لە خزمەتی سەربازی” لێپرسینەوە و ئەشكەنجە كرابوو. لە كۆتاییدا، ناوبراو بۆ بەندیخانەی بۆكان گواسترایەوە.