بۆکان؛ زانکۆ محەممەدی سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

١ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢١:٤٧

هەنگاو؛ شەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

زانکۆ محەممەدی (سەید حوسێن محەممەدی)، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. شایانی باسە ناوبراو هاوینی ئەمساڵ بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زانکۆ محەممەدی، خەڵکی گوندی «ئالی‌کەند»ی سەر بە بۆکان بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» لە لایەن دادگای پێداچوونەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا.

زانکۆ محەممەدی پێشتر بەهۆی هەمان تۆمەتەوە لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بە سەرۆکایەتیی قازی «وەلایی» سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرابوو.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ڕۆژی ٢٥ی هەمان مانگ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە بەندیخانە ئازاد کرا.

سەید حوسێن محەممەدی پێشتر بەهۆی چالاکییەکانییەوە کەوتبووە ژێر بەدواداچوونی دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە