شنۆ؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی هێمن شامحەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ
هەنگاو؛ سێشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٤
مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵی کورد بە ناوی هێمن شامحەممەدی، خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بە تێپەڕینی ٥ ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، مێرمنداڵێکی کوردی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی هێمن شامحەممەدی، خەڵکی گوندی "ئەمیراوای"ی سەر بە شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و بە تێپەڕینی ٥ ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە بێ نیشاندانی بەرگەی دادوەری ئەم منداڵەیان دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە سەپێندراوەکان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم منداڵە لەبەر دەستدا نییە.