پیرانشار؛ سورەیا قەیتەران بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر کرا

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٠٨:٥٠

هەنگاو؛ شەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سورەیا قەیتەران ژنە چالاکی کورد و خەڵکی پیرانشار کە ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و دواتر سزای ٩ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤) ٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سورەیا قەیتەران هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «کانی مەلا» سەر بە شاری پیرانشار دوای بانگکرانی بۆ ژووری جێبەجێکرانی سزاکانی ئەو شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٩ مانگ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە، سورەیا قەیتران زستانی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەجاد دووستی بە تۆمەتی «هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

سورەیا قەیتەران ڕۆژی دووشەممە ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣) ٢٦ی جولای ٢٠٢٣ (لە ڕەوتی هەڵکوتانە سەر ماڵی باوک و دایکی لەگوندی کانی مەلا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرا. ناوبراو دواجار ٢٠ ڕۆژ دواتر و لەڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی هەمان ساڵ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە