سەپاندنی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بەسەر سەلام سولتانی و ئەمیر فەقێ لە بەندیخانەی نەغەدە

١٥ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٣:٥٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی سەلام سولتانی و ئەمیر فەقێ کە لە بەهاری ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگیراون، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەر یەک سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مانگی خەرمانانی ئەمساڵ (ئاگۆست)، سەلام سولتانی و ئەمیر فەقێ تەمەن ٤٠ ساڵ هەر دوو خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر قارەمانی ساعەتلوو" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" هەر یەک سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەو دوو هاووڵاتییە بەشێوەی ڤیدیۆیی بەڕێوە چووە. هەروەها لە دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد دۆسیەیەک بۆ ئەو دوو بەندکراوە کراوەتەوە.

سەلام سولتانی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٦ی مەی ٢٠٢٤) و ئەمیر فەقێ ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردان (٢٢ی مەی) لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان لە گوندی "خورینج" دەستبەسەر کران و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری ئورمیە گواسترانەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بێ کەڵکوەرگرتن لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر دەستبەسەر کرابوون و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترانەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لەو بەندیخانەیە دەستبەسەر کراون و مافی مەرەخەسییان پێنەدراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە