پیرانشار؛ ئیسماعیل سولەیمانی سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٢٤
ئیسماعیل سولەیمانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و لەم دواییانەدا بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بانگ کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئیسماعیل سولەیمانی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی تێپەڕاندنی ١٠ مانگ سزای بەندکرانەکەی بۆ لقی یەکی ناوەندی جێبەجێکرانی سزای تاوانەکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی پیرانشار بانگ کراوە.
بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە دەستی هەنگاودایە، ئیسماعیل سولەیمانی لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "حامید پەیامەنی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. نموونەی تاوانەکانی ناوبراو ناردنی وێنە بۆ کاناڵە تێلێگرامییەکان بووە.
شایانی باسە کە، ئەو سزایە لە ڕێکەوتی ٢٤ خەزەڵوەر لە لایەن لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیە پشتڕاست کراوەتەوە و ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبێت بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە ناوەندە دادوەرییەکان بناسێنێت.
هەنگاو زانیویەتی کە، ئیسماعیل سولەیمانی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پیرانشار دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.