پیرانشار؛ ڕەحمان قادری سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
ڕەحمان قادری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ڕەحمان قادری، هاووڵاتیی تەمەن ٢٥ ساڵی خەڵکی گوندی "ئەندیزێ"ی سەر بە شاری پیرانشار لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەو شارە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای هەشت مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دانیشتنی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو هاووڵاتییە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ لەو لقەدا بەڕێوە چووە و ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ سزاکەی پێ ڕاگەیەندراوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر کرا و دوای ٩٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.