پیرانشار؛ چوار هاووڵاتیی کورد سزای ١٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
چوار هاووڵاتیی بریتی لە دوو کەسی بەساڵاچوو بە ناوەکانی عوسمان دڵسۆز تەمەن ٦٦ ساڵ، سولەیمان سالک تەمەن ٧٣ ساڵ، هەژار دڵسۆز (عەبدولڕەحیم) و ئاکام خزرزادە هەر دوو تەمەن ٣٠ ساڵان، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرجەم سزای ١٦ ساڵ بەندکران بە سەریاندا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا چوار هاووڵاتیی بە ناوەکانی عوسمان دڵسۆز تەمەن ٦٦ ساڵ خەڵکی پیرانشار، سولەیمان سالک تەمەن ٧٣ ساڵ خەڵکی گوندی "قەرەگوڵ" سەربە شاری بۆکان، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە هەردووکیان تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "زێوکە" سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن لەقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکان دوو پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران" سەرجەم سزای١٦ ساڵ بەندکران بە بەسەریاندا سەپا.
بەپێی ئەو سزایە، سولەیمان سالک سزای ١٠ ساڵ بەندکران و هەروەها هەر یەک لە عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە سزای ٢ ساڵ بەندکران بە سەریاندا سەپێنراوە.
سولەیمان سالک ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ و عوسمان دڵسۆز، هەژار دڵسۆز و ئاکام خزرزادە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی هەر ئەو ساڵەدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.