ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی دڵتەزێنی موحەدیسە و حەدیسە جدییەت لە میاندواو
هەنگاو؛ هەینی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
پیاوێک لە شاری میاندواو دەستگیرانەکەی و خوشکی دەستگیرانەکەی بە ناوەکانی موحەدیسە جدییەت و حەدیسە جدییەتی کوشت و کەسێکی دیکەشی بریندار کرد. بکوژەکە بەهۆی بڕیار و داوای جیابوونەوە لە لایەن دەستگیرانەکەیەوە ناوبراوی لەگەڵ خوشکەکەی کوشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، پیاوێک لە شەقامی جانبازی شاری میاندواو بە چەندین زەربەی چەقۆ دەستگیرانەکەی خۆی، موحەدیسە جدییەت تەمەن ١٩ ساڵ، و خوشکی دەستگیرانەکەی بەناوی حەدیس جدییەت تەمەن ١٧ ساڵی کوشت و لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵات. شایانی باسە کە کەسێکی دیکەش لەو ڕووداوەدا بریندار کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، بکوژەکە کاتژمێرێک دوای هەڵاتن لە شوێنی ڕووداوەکە دەستبەسەر کراوە. هەروەها هۆکاری کوژرانی ئەو دوو خوشکە بە داوای جیابوونەوەی موحەدیسە لە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.