بۆکان؛ سەپاندنی سزای بەندکران بۆ سەر ئەحمەد حەسەن‌زادە لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان

١٦ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٣:٢٦

هەنگاو؛ هەینی ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

ئەحمەد حەسەن‌زادە هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و دۆسیەیەکی دیکە لە دژی ناوبراو هەروەها لە ئارادایە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئەحمەد حەسەن‌زادە تەمەن ٥٧ ساڵ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە سەرۆکایەتی "مەهدی فەخری" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" لە ڕێگای ئامادەبوونی بۆ هاندانی کاسبکاران و بازاڕیان بەمەبەستی مانگرتن هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەنگاو زانیویەتی کە، لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگادا دادوەر ئیزنی بەرگری بە ئەحمەد حەسەن‌زادە نەداوە و دۆسیەیەکی دیکەی ناوبراو هەروەها لە ئارادایە.

ئەحمەد حەسەن‌زادە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ و دەستبەسەر کراوە و لە کۆتا جار ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ (٣٠ی جولای) لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لەگەڵ کچەکەی سۆڵماز حەسەن زادە هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایکبوونی کوڕە گیانبەختکردووەکەی دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لەگەڵ سۆڵماز جارێکی دیکە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

محەممەد حەسن‌زادە ئێوارەی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری بۆکان لە کاتێکدا کە هەوڵی دابوو کچێک ڕزگار بکات کە لەلایەن هێزەکانی سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕێفێندرابوو، بە چەند زەربەی چەقۆ و هەروەها گوللەیەکی ئەو هێزانە کە لەسەر سینگ و دڵی پێکرابوو گیانی لەدەستدا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە