جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
سزای سێدارەی ژنە بەندکراوێکی تورک کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە سێدارە مەحکووم کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ کرا. ناوی ئەم بەندکراوە ئامینە عەلیپوور ئاشکرا بووە. ناوبراو نۆیەمین ژنی تورکە کە لە ماوەی ئەمساڵی زاییندا لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی شەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی ئامینە عەلیپوور، تەمەن ٣٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ کرا.
ئەم بەندکراوە سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندیی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵ (میلادی) لانی کەم ٩ ژنی تورک بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.